بەپارێزگابوونی هەڵەبجە چی لە هاوکێشەکە دەگۆڕێت؟
هالابجە

2025-04-14

بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەهەرێمی کوردستان و عێراق واتە بەرزبونەوەی (پۆتانسیاڵ)ی پارێزگای هەڵەبجە  مانای توانای گەشەکردن و بەکارهێنانی هەموو سەرچاوە و توانایەکی ئابووری، مێژوویی، کەلتووری و سروشتییە کە پارێزگاکە هەیەتی بۆ گەیشتن بە ئاستێکی بەرزتر لە ئاوەدانکردنەوەو خۆبەڕێوەبردنی بەردەوام و ئەمەش کاریگەرییەکی گەورە و فرەڕەهەندی لەسەر کەرتەکانی ئابووری، وەبەرهێنان و بازرگانی و بوژانەوەی پارێزگاکە هەیە بەتایبەت لەم ڕووانەی خوارەوە: 


١- بودجەی ناوخۆیی و فیدراڵی: 

بەپارێزگابوون دەبێتە هۆی دابینکردنی بودجەی تایبەت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵەوە، کە یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی پڕۆژەکانی ژێرخان و گەشەسەندن و ئاوەدانکرنەوەی ناوخۆیی.

٢- ئابووری و وەبەرهێنان و بازرگانی: 

بەپارێزگابوون دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لەنەخشەی عێراق و هەرێم واتە سنووری ئیداری پارێزگاکە دیاری دەکرێت و بەمەش پۆتانسیاڵی پارێزگاکە بەرزدەبێتەوەو یارمەتی دەدات بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی ناوخۆیی و دەرەکی و بازرگانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئاسانتر دەکات. 

٣- پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوە:

هەڵەبجە بەهۆی کارەساتە یەک لەدوای یەکەکان و کیمیابارانکردنەوە لە ساڵی (١٩٨٨)ەوە ژێرخانی خزمەتگوزاری و پڕۆژەکانی خاپورو وێران بووە، بەپارێزگابوون دەبێتە پاڵنەر بۆ بنیادنانەوەو هەستانەوەو دروستکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریە سەرەکییەکانی وەک تۆڕەکانی ڕێگاوبان و ئاو ئاوەڕۆ و پڕۆژە ستراتیژییەکان.

٤- پشتگیری سیاسی و نێودەوڵەتی: 

بەپارێزگابوون دەبێتە هۆی ڕەزامەندی نێودەوڵەتی و پاڵپشتی زیاتر بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەو قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی، ئەمەش دەتوانێت ببێتە پاڵنەر بۆدابینکردنی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەو گەشەسەندن، هەروەها دەتوانێت فشار لەسەر بەغدا زیادبکات بۆ پشتگیریکردنی ناوچەکەو کاریگەری دانانی قەوارەی یاسایی بۆ پاراستنی مافی قوربانیان و قەرەبوکردنەوەی بەرکەوتوان و بریندارانی چەکی کیمیایی و چارەسەرکردنیان. 

٥- گەشەسەندنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی:

هەڵەبجە ناوچەیەکی کشتوکاڵی و گەشتیاری گرنگە و خاوەنی چەندین سەرچاوەی سروشتییە، بەپارێزگابوون دانپێدانانێکی نێودەوڵەتیی و فەرمییەو ناساندنی زیاتری پارێزگاکەیە، دانانی کاریگەری راستەوخۆیە لەسەر زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران و سەردانیکەران، جوڵەی بازاڕ خێراتردەکات و ئابووری خۆجێی باشتر دەکات و بەمەش بوژانەوەی سەرجەم کەرتەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. 

٦- کردنەوەی مەرزە فەرمییەکان و دەروازەکان:

بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەرگایەکی گرنگ بەڕووی هەڵەبجەدا دەکاتەوە لەبەفەرمی ناساندن و کارکردن بۆبەنێودەوڵەتی کردنی مەرز و دەروازە سنورییەکان لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ، بەمەش بازرگانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئاسانتر دەکات و سەرچاوەی نوێی داهات بۆ پارێزگاکە بەرهەم دەهێنێت، کەدەبنەهۆی فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ بەگەڕخستنی پڕۆژەو ڕاکێشانی سەرمایەداری ناوخۆیی و بیانی، بەتایبەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی و ئابوری ناوچەکە بەهێزتر دەکات. 

لە کۆتاییدا:

بەپارێزگابوونی هەڵەبجە جگەلەوەی پێگەی هەرێم بەهێزتردەکات دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە هەموو ڕووەکانی خزمەتگوزاری، ئابووری، ژێرخان، وەبەرهێنان، کەلتووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکە، بەڵام پێویستی بە یەکگرتوویی سیاسی و پشتگیری نێودەوڵەتی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەبەستە.

*(پۆتانسیاڵ): توانای گەشەکردن بۆ شتێک لە داهاتوودا.