دادوەرانی گەرمییان دوو هێندەی فەرمانبەران زەوی وەردەگرن
garmyan

2026-07-20

دادوەرانی گەرمییان دوو هێندەی فەرمانبەران زەوی وەردەگرن
٤٠٠ مەتر لە هەمان شوێنی زەوی فەرمانبەران
موڵک نیوز | گەرمییان
بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران، دادوەرانی ناوچەی گەرمییان لە هەمان شوێن و پلانی دابەشکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران، پارچە زەوی بە قەبارەی ٤٠٠ مەتر چوارگۆشە وەردەگرن، کاتێک فەرمانبەرانی تری دەوڵەت ٢٠٠ مەتر پێدەدرێت؛ واتە قەبارەی زەویی دادوەران دوو هێندەی فەرمانبەران دەبێت.
ئەرسەلان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمییان، بە موڵک نیوز ڕاگەیاند فەرمانێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ شارەوانیی کەلار گەیشتووە کە بەپێی ئەوە، دادوەران مافی وەرگرتنی ٤٠٠ مەتر زەوییان هەیە.
بەپێی ئەو زانیارییانە، شوێنی دابەشکردنی زەویی دادوەران هەمان شوێنە کە پێشتر بۆ فەرمانبەران دیاریکراوە و هیچ جیاوازییەک لە شوێن یان پلانی دابەشکردندا نییە، تەنها جیاوازی لە قەبارەی پارچە زەوییەکەدایە.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمییان هۆکاری ئەم جیاوازییەی بە ڕەچاوکردنی کەفائەت، پێگەی ئیداری و کۆمەڵایەتیی دادوەران لە لایەن حکومەتەوە گەڕاندەوە و وتی بۆیە بڕیار دراوە ٤٠٠ مەتر زەوییان پێبدرێت.
داتای گرنگ
قەبارەی زەویی دادوەران: ٤٠٠ مەتر چوارگۆشە.
قەبارەی زەویی فەرمانبەران: ٢٠٠ مەتر چوارگۆشە.
شوێنی دابەشکردن: هەمان پلانی زەویی فەرمانبەران.
بنەمای بڕیار: فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران