ئایا دابەشکردنی زەوی لە سێبیران ڕادەگیرێت؟
zawi

2026-11-09

ئایا دابەشکردنی زەوی لە سێبیران ڕادەگیرێت؟
دوای ئەوەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر هۆشداری دابوو کە زەوی لە سێبیران بەسەر فەرمانبەران دابەش نەکرێت، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دەڵێت چاوەڕێی ئەوەین فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕوونکردنەوەی پێویستمان بداتێ لەسەر هۆکاری لاری بوونیان لەسەر دابەشکردنی زەوی لەو سنوورە.
مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، بۆ موڵک نیوز گوتی: “سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی لە سنووری گوندی سێبیران، کە فڕۆکەخانەی هەولێر پێی وایە حەرەمات و سنووری فڕۆکەخانەیە، ئەگەر بە فەرمی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاگادارمان بکاتەوە، ئەوا قابیلی پێداچوونەوەیە و زەوی لەو شوێنە دابەش ناکەین”.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی هەولێر، تا ئێستا (37) هەزار پارچە زەوی دابەش کراوە، لە کۆی (82) هەزار فۆڕمی ڕەزامەندی، و ئێستا لە سنووری شارەوانییەکان نزیکەی (45) هەزار فەرمانبەر ماون زەوی وەربگرن.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بۆ موڵک نیوز دەشڵێت، کارەکانمان بەردەوامە بۆ دابینکردنی زەوی بۆ سەرجەم فەرمانبەران؛ ئەوانەی ڕەزامەندییان هەیە، شارەوانی بە شارەوانی، هەر شارەوانییەک ئامادە بێت، پرۆسەکە دەست پێ دەکەین.