
چاوان ئەحمەد
هیوایەکی نوێ بۆ گەشەسەندن و ئاوەدانکردنەوە لە پارێزگای هەڵەبجە
2025-04-23
دواجار هەڵەبجە بووە پارێزگا، کە چەکەرەی ئومێدێکی نوێی پرسی ئاوەدانکردنەوەیە بۆ هەڵەبجەییەکان. ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە کە شایانی پیرۆزباییە لە هەموو هەڵەبجەییەکان و گشت کوردێک.
هەڵەبجە شارێکە بە مێژوویەکی پڕ لە ئازار و خۆڕاگری. ئەم شارەی کە بووە هێمای خۆڕاگری نەتەوەیی کورد، ئێستا هەنگاوێکی گەورەی نا بەرەو پێشکەوتن و گەشەسەندن بە بوونی بە پارێزگا. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە دەستم خستوە، پارێزگای هەڵەبجە خاوەنی نزیکەی ٣٩ هەزار بینایە لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا، لە کاتێکدا کە نزیکەی ٢٢ هەزار خانوو تەنها لە سەنتەری پارێزگاکەدا هەیە. هەروەتر، بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٤، ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە ٨٤,٨٧٢ هەزار کەسە، بەڵام کۆی گشتی دانیشتوان بە هەموو ناوچەکانیەوە دەگاتە ١٤٨,٦٣٣ کەس. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هەڵەبجە خاوەنی پێکهاتەیەکی دیمۆگرافی گرنگە لە هەرێمی کوردستاندا.
سەرباری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی زیاتر، لەگەڵ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران بۆ ئەم شارە ئازیزە. باوەڕ وایە کە ئەو پڕۆژانەی لە دوای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە بواری وەبەرهێناندا دەست پێدەکەن، کەڵکی ئابووری گونجاو و شیاویان دەبێت بۆ پارێزگاکە، کەرتی خانووبەرەش بوژانەوەیەکی بەرچاو بەخۆوە دەبینیت، دواجار ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی هەلی کار و دەرفەتی نوێی نیشتەجێبوون.
چۆن بتوانین برەو بە کەرتی خانووبەرە و عەقارات بدەین لەم پارێزگا نوێیەدا؟
یەکەم: دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ جوانترکردنی شارەکە، ڕێکخستنی شەقامەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شارستانییەتی شار، تاکو بتوانین گەشتیاران بۆ شارەکە ڕاکێشین. دروستکردنی هۆتێل یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی گەشتیاری، وە داهاتی سەرەکی هەڵەبجە پشت بە گەشتیاری دەبەستێت. ئەگەر خزمەتگوزاری پێویست دابین نەکەین، گەشتیاری بیانی ڕوو لە هەڵەبجە ناکات، کە بەمەش هیچ پڕۆژەیەک سەرکەوتوو نابێت.
لە ڕووی جوگرافیاوە، هەڵەبجە لە زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکانەوە نزیکە، ئەمەش وا دەکات وەک شارێک گەشەی زیاتر بکات.
دووەم: پێویستە حکومەت ئاسانکاری بکات بۆ وەبەرهێنەران لە ڕێگەی بانکەکانەوە، بۆ ئەوەی بتوانن پڕۆژەی وەبەرهێنان لە شاری هەڵەبجە ئەنجام بدەن.
سێیەم: گرنگە کۆمپانیاکانی عەقارات گرنگی زیاتر بە ناوچەی هەڵەبجە بدەن و لقەکانی کۆمپانیاکانیان لە شاری هەڵەبجە بکەنەوە.
لە کۆتایشدا، گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرڕێ ستارتیژی نوێ و ئاسانکاری زیاتر بکات تا پڕۆژە ستراتیژییەکان لە گشت بوارەکاندا جێبەجێ بکرێن، بە تایبەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و وەبەرهێنان لە بواری خانووبەرەدا. ئەم هەنگاوانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی پتەو کە بناغەی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە پارێزگای هەڵەبجەدا.