ramyar arsalan

چوار بنەما کە وەبەرهێنەری خانووبەرە ئاشنای بازاڕی نێودەوڵەتی دەکات

2025-05-29

بە بڕوای من وەبەرهێنانکردن لە بوواری خانووبەرە و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بەم بووارە فراوانەوە، چەندین بنەما و ئامانج و گرنگیی هەیە کە دەبێت هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران ڕەچاوی بکەن، جا چ لە هەرێمی کوردستان یاخود وڵاتانی بیانی پارەکانیان بخەنە جووڵە.

بنەما سەرەکییەکانی وەبەرهێنان:
١- گرنگە خاوەنی پارە ئەو لۆکەیشن و وڵاتەی هەڵیدەبژێرێت، کە پارەی تێیدا جووڵە بکات زانیارییەکی بەرچاوی هەبێت و لەگەڵ ڕاوێژکار و کەسانی شارەزا مامەڵەکانی بخاتەسەرپێ.
٢- گرنگە دیدگایەکی دوورمەودای هەبێت بۆ وەرگرتنەوە و زیادکردنی ئەو پارەیەی لە وەبەرهێنانە، چونکە وەبەرهێنەر دەبێت ئارامی و خۆڕاگرییەکی ماوەدرێژی هەبێت.
٣- گرنگە هەمیشە چاودێریی ئەو موڵکەی بکات و لە بەرزبوونە و نزمبوونەوە و هەر گۆڕانکارییەک کە بەسەر نرخ و داهاتی گەڕاوە بۆی دێت واتە (بەڕێوەبردنی وەبەرهێنانەکەی بکات.)
ئەو بنامایانەی پێویستن بۆ وەبەرهێنەر:
١- لۆکەیشن، لۆکەیشن، لۆکەیشن. واتە ئەو ناوچەیەی وەبەرهێنانی تێدا دەکات پێویستە کۆمەڵێک خاڵی گرنگی تێدا بێت وەک (ئاساییش، ئارامی، خۆشگوزەرانی، گەشتیاری، بازرگانی و نزیکبوون لە شوێنە گشتییەکان.)
٢- ئاگاداری ماستەرپلانی ئەو لۆکەیشن و شارە بێت کە چی تێدا ڕوو دەدات و بە گوێرە و بە حسابکردن بۆ داهاتوو پارەکەی وەبەرهێنان پێبکات.

ئامانجەکانی وەبەرهێنەر:
١- ئامانجی تاکەکەسیی خۆی زۆر گرنگە و پێویستە تەواو دڵنیا بێت کە ئایا بەرژەوەندییەکانی ئێستا و داهاتووی چییە لەو لۆکەیشن و موڵکەی هەڵیدەبژێرێت بۆ وەبەرهێنان نەوەک تەنها چاوی لە قازانج و پارە بێ، بەڵکو هەوڵ بدات دەرفەتی هەمەچەشن بدۆزێتەوە لە ڕێگای ئەو وەبەرهێنانەوە بیانقۆزێتەوە و سوودمەندبێت.
٢- ئامانجی(بەرژەوەندی) گشتی: وەبەرهێن دەبێت شارەزای ئەو لۆکەیشنە بێت کە ئایا چەند وڵات و کۆمپانیا و حکومەت بەرژەوەندییان هەیە لەو ناوچەدا و ئەوانیش وەبەرهێنانیان کردووە یان نا، تا گەرەنتیی پارێزراوی و گەشەکردنی سەروەتەکەی بکات و داهاتووی موڵکەکەی مسۆگەر بکات.

قەبارەی وەبەرهێنان:
دەکرێت وەبەرهێنان لە کەمترین پارەوە بکرێت تا گەورەترین جۆری وەبەرهێنان. واتە چەنێک گرنگە قەبارەی پارەکەت هێندەش زیرەکی و دەرفەتبینین گرنگە لەم بابەتەدا.

ئەمانە بەشێک لەو خاڵانە بوون کە دەکرێت وەبەرهێنێک بیزانێت ئەوجا بیر لە وەبەرهێنان بکاتەوە و هەنگاوی بۆ بنێ تا کەمترین ڕیسک بکات و زۆرترین دڵنیایی قازانجی هەبێت.